ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە بەرەبەرەی بەڕێوچوونی دانیشتنی شۆرای بەرپرسانی باڵای ئورووپایی لەهەمبەر پشتیوانی لە هاووڵاتییانی ئەفغانی ئاوارە، بە ناردنی نامەیەک داوای چارەسەریی کێشەکانی پەناخوازە ئەفغانییەکانی کردووە.
هیۆ ویلیامسۆن، بەرپرسی چاوەدێری مافی مرۆڤ لە بەشی ئورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی شۆرای دادپەروەری و کاروباری نێوخۆیی یەکیەتیی ئۆرووپا دەنووسێ: بەهۆی بەدەسەڵات گەیشتنی گرووپی تاڵیبانەوە لە ئەفغانستان، زۆربەی هاووڵاتییانی ئەفغانی وەکوو پەناخواز ڕوویان لە وڵاتانی دەورووبەر کردووە و لە بارودۆخێکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبەن.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە کە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەفغانستان، پەناخوازە ئەفغانییەکان نابێ لە سنوورەکانی یەکیەتیی ئورووپا دوور بکرێنەوە وهەروەها داواکاری ئەو پەناخوازانەی کە پێشتر لەلایەن ئیدارەی پەنابەری وڵاتانی ئورووپاییەوە ڕەتکراوەتەوە، دەبێ دووبارە پێداچوونەوە بەو داواکارییانەدا بکرێ.
جێگای ئاماژەیە کە وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئورووپا بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیارنامەیەک لەهەمبەر وڵاتی ئەفغانستان دەربکەن و بەپێی ئەو بڕیارنامەیە ڕاپۆرتنێرێکی تایبەت بۆ ئەو وڵاتە دیاری دەکرێ.