بەرپرسانی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش دەسپێکردنی مانۆڕی سەربازیی لە نزیک سنوورەکانی ئازەربایجان، وێڕای تۆمەتبارکردنی ئەو وڵاتە بە خیانەت، هەڕەشەی هێرشی سەربازیی لە باکۆ دەکەن.
کێشە و ململانێیەکانی نێوان تاران و باکۆ تەنیا بە هەناردنی هێزی سەربازیی و بەڕێوبردنی مانۆڕی ئەرتەشی ئێران لە نزیک سنوورەکانی ئازەبایجان کۆتایی پێنەهاتووە و بەرپرسانی سەربازیی ڕێژیمی ئێران، وێڕای هەڕەشە لە باکۆ بە میدیا نێوخۆییەکانی ئێرانیان ڕاگەیاندووە کە تاران ئامادەی شەڕ و داگیرکردنی” باکۆ”یە.
هەر لەم پێوەندییەدا موحسێن دێهنەوی، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بە هەڕەشەکردن و ئامادەیی هێرشی سەربازیی ئێران بۆسەر کۆماری ئازەربایجان، دەنووسێ: مانۆڕی سەربازیی لەژێر ناوی” فاتیحانی خەیبەر” دەتوانی ببێتە ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتن و دەسبەسەرداگرتنی باکۆ.
لەلایەکی دیکەوە موحسێن عەلیزادە نوێنەر لە مەجلیسی ئەو ڕێژیم، بە شوبهاندنی ناوی” دایک و منداڵ” بۆ ئێران و ئازەربایجان دەڵێ: ئەگەر منداڵ بەقسەی دایکی نەکا، دایک ناچار دەبێ کە گوێی منداڵەکە بابدا.
هەر لەم پێوەندییەدا سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاندووە کە تاران بوونی ئیسرائیل لە نزیک سنوورەکانی خۆی قەبووڵ ناکا و هۆکاری سەرکیی کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و باکۆ ئیسرائیلە و ئیسرائیل دەیهەوێت پێوەندییە دۆستانەکانی نێوان تاران و باکۆ لەنێوببا.