بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناوەندێکی توێژینەوەی مووشەکی لە ڕۆژاوای تاران دوو کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران کوژران.
بەپێی هەواڵی تایمزی ئیسرائیل کە ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاوی کردۆتەوە بەهۆی تەقینەوەیەک لە ناوەندی توێژینەوەی مووشەکیی “گرووپی پیشەیی شەهید هیممەت” کە سەر بە سپای پاسدارانە، دوو کەس لە ئەندامانی سپای تێرۆریستی پاسداران کوژران و خەسارێکی زۆر بەر ئەو شووێنە کەوتووە و لە حاڵێکدا سپای پاسداران خۆی ڕایگەیاندبوو کە هۆکاری ئەو ڕووداوە ئاگرکەوتنەوە بووە.
سپا لەو گرتەڤیدیۆیانەی کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو پاش تەقینەوەکە بڵاوی کردبۆوە، ڕایگەیاندبوو کە دوو کەس لە ئەندامانی ئێمە لە ناوەندێکی سەربەخۆی توێژینەوە لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا گیانیان لەدەستداوە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بە وتەی ئەو سەرچاوە ئیسرائیلییە ئەو شوێنە بنکەیەکی شاراوەی مووشەکیی سپای پاسدارانە و ئەو گرتەڤیدیۆیانەی کە لە ڕێگای ماهوارەوە گیراون، نیشانی دەدا کە لانیکەم یەک لە سەر چواری ئەو ناوەندە بە تەواوی خاپوور بووە و بەشەکانی دیکەشی خەساری زۆریان بەرکەوتووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی تایمزی ئیسرائیل وێدەچی ئەو ناوەندە، هەمان ناوەندی توێژینەوەیە بێ کە ساڵی ٢٠١٧ وەزارەتی دارایی ئەمریکا بەهۆی “توێژینەوە و پەرەپێدانی مووشەکیی بالستیک” گەمارۆی خستەبووە سەر.
جێی ئاماژەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران چەندین جار کەوتوونەتە بەر هێرش و تەقینەوە و خەساری زۆریان بەرکەوتووە کە ڕێژیمی ئێران ئەو هێرشانەی وەپاڵ ئیسرائیل داوە.