جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانێکیدا بۆ هەواڵنێرانی تورکیە، هۆشداری بەو وڵاتە دا کە، ئەگەر بەردەوام بێ لە کڕینی چەکوچۆڵ لە ڕووسیە، ئەوە پەیوەندیی واشینگتۆن و ئانکارا دەکەوێتە مەترسییەوە.
ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، وێندی شێرمێن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەجەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە چەکوچۆڵی وڵاتی ڕووسیە لەگەڵ سیستمەکانی سەربازیی وڵاتانی ئەندام لە “ناتۆ” هاوتەراز نین، وتی: ئەمریکا لە هەموو کات و ساتێکدا داوای لە دەوڵەتی تورکیە کردووە کە نابێ سیستمی بەرگری مووشەکی “ئێس٤٠٠”ـی ڕووسیە بکڕێ.
ئەو داواکارییەکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە “ڕەجەب تەیب ئەردۆغان” لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ هاوتا ڕووسییەکەی، ولادیمێر پۆتین” لەبارەی زۆرترکردنی هاوکارییەکانی سەربازیی و کڕینی فڕۆکەی شەڕکەر و ژێردەریاییەکانی ڕووسی وتوووێژی کردووە. تورکیە لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا، بە پێچەوانەی ئاگادارکردنەوەکانی ئەمریکا بەرەو کڕینی سیستمی مووشەکی “ئێس٤٠٠” هەنگاوی هەڵێنا و ئەمریکا و “ناتۆ”ـش دەڵێن” ئەو سیستمە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر فڕۆکەی وڵاتانی هاوپەیمانی سەربازیی.