لەبەرەبەرەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا چالاکانی سیاسی و مەدەنیی عێراق بە هەڵگرتنی وێنەی ئەو چالاکانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتری بەغدا کوژرابوون، ناڕەزایەتیی بەربڵاویان دەربڕی و داوای بەسزاگەیاندنی بکەرانی تێرۆری چالاکانی مەدەنیی عێراق دەکەن.
لەکاتیکدا کە کەمتر لە دوو حەوتووی ماوە بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی عێراق، بەسەدان کەسی خەڵکی عێراق بۆ پشتیوانی لەو چالاکانەی کە بە دەستی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق تێرۆر کرابوون، ڕۆژی هەینی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە مەیدانی “تەحریر”ی بەغدا خۆپیشاندانێکی بەربڵاویان بەڕێوە برد.
لەم خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەدا خەڵکی عێراق بە هەڵگرتنی ئاڵای وڵاتەکەیان و وێنەی کوژراوانی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی پێشووتر کە زیاتر لە ٦٠٠ هاووڵاتیی عێراقی کوژرابوون یان بریندارببوون، ناڕەزایەتیی بەربڵاویان بەڕێوەبرد.
جێگای ئاماژەیە کە لەکاتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی، زیاتر لە ٧٠کەس لە چالاکانی مەدەنی وسیاسی لە عێراقدا تێرۆر کراون و بە دەیان کەسی دیکەش ڕفێندران و تاکوو ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسایەتیی تێرۆری چالاکانی سیاسی ومەدەنیی عێراقی وەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام خۆپیشاندەران گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە تێرۆر و ڕفاندنی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی عێراق تۆمەتبار دەکەن.