خۆپیشاندانی کۆمەڵێک لە ژنانی ئەفغانی لە کابول بەهۆی توندوتیژی گرووپی تاڵیبانەوە تێکچوو و تاڵیبان ئیزنی خۆپیشاندانی بە ژنان نەدا.
هەواڵدەریی فەرانسە، ڕۆژی هەینی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە زاری سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ئەفغانستانەوە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک لە ژنانی ئەفغانی لەهەمبەر مافی خوێندن و چوونە قوتابخانە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە بەردەم قوتابخانەیەکی کچانە لە ڕۆژهەڵاتی کابول پێکهێنا و پاش خۆپیشاندان بەدژی بڕیارەکانی گرووپی تاڵیبان لەهەمبەر بێبەشکردنی ژنان لە خوێندن، گرووپی تاڵیبان بە چەکەوە هێرشیان کردەسەر خۆپیشاندەران و بە تەقەی ئاسمانیی و توندوتیژی نواندن لەگەڵ خۆپیشاندەراندا، ئیزنی هیچ جۆرە خۆپیشاندانێکیان بە ژنان نەدا.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی ” فرانس پریس”دا هاتووەکە ژنانی خۆپیشاندەر کە بە سەرپۆش و پەچە کۆببوونەوە، بە درۆشمگەلێکی وەکوو پەروەردە مەکەن بە سیاسی، پێنووسەکانمان مەشکێنن، کتێبەکانمان ئاگرتێبەر مەدەن و قوتابخانەکانمان دامەخەن، ناڕەزایەتیی خۆیانیان بەدژی بڕیارەکانی تاڵیبان دەربڕی.
گرووپی تاڵیبان، بە تەقەکردن و لێدانی ژنان و هەروەها هێرش کردنەسەر هەواڵنێرە بیانییەکان و پێشگرتن لە گرتەڤیدیۆ هەڵگرتنەوە لە خۆپیشاندانەکە، کۆتاییان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕینی ژنان لە کابول هێنا.
جێگای ئاماژەیە کە گرووپی تاڵیبان پاش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ئەفغانستان مافی خوێندن و کارکردنی لە ژنان وەرگرتەوە و پاشان وەزارەتی کاروباری ژنانی گۆڕی بۆ وزارەتی” ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکێر” و ئەم هەوڵانەی گرووپی تاڵیبان ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی جیهانیی و دژایەتیی کردنی ژنانی ئەفغان بووەوە.