وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە ئیسرائیل بیرمەندە ناوکییەکانی ئێرانی تێرۆر کردووە، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل خەسارێکی گەورەی گەیاندووەتە ژێرخانە لێکۆڵینەوەییەکانی تاران.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیسرائیلی” معاریوو” سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دانیشتنی” ئاشتی نۆرماندی” کە لە ڕۆژاوای فەرانسە بەڕێوەچووە، جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل بە شێوەی کردەیی دەستیپێکردووە.
وتەبێژی وزارەتی دەرەوەی ڕێژیم، لە وڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا لە ئەگەری گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ناوکیی، ئیسرائیل بڕیاری هێرشی سەربازیی خۆی بۆسەر ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە؟ وتی: ئیسرائیل بۆ خۆی بە سەدان بۆمبی ناوکیی هەیە و بەردەوام هێرشی کردۆتە سەر ئێران و ژێرخانە زانستییەکانی ئێرانی تووشی خەسارێکی گەورە کردووە.
ناوبراو لە درێژەی کۆنفراسە ڕۆژنامەوانییەکەدا سەرەڕای تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بۆ شکستی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: ئیسرائیل تۆمەتبارە لە زیادکردن و پەرەپێدان بە کێشە و ئاڵۆزییەکان لە نێوان ئێران و وڵاتانی ئورووپاییدا.
خەتیبزادە لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە گەڕانەوە بۆسەر مێزی وتووێژەکان و دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بۆ تاران بڕیارێکی ئیستراتیژییە و ئێران ئەم بڕیارەی بە نوێنەری یەکیەتیی ئورووپا لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن ڕاگەیاندووە.