لێکۆڵەری باڵای ناوەندی داکۆکیکار لە دێموکراسییەکان لە بابەتێکدا دەنووسێ: کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی لووتکەی پڕۆژە چەندین ساڵەکەی خامنەییە بۆ دانانی توندئاژۆترین کەسەکان لە سەرووترین بەرپرسایەتییە حکومەتییەکانی ئێراندا.
بێهنام بێن تالبلوو، لێکۆڵەری باڵای ناوەندی داکۆکیکار لە دێموکراسییەکان، ڕۆژی هەینی ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەهەمبەر کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە بابەتێکدا دەنووسێ: کابینەی ڕەئیسی بەبوونی ١٢ کەس کە گەمارۆی نێونەتەوەییان لەسەرە، زیاتر لە هەموو کابینەکانی مێژووی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران، کەسگەلێکی توندئاژۆ کە بەهۆی دەور و نەخشیان لە دەسەڵاتی خامنەیی، بەرنامەی ناوکیی، پێوەندیی لەگەڵ گرووپە تێرۆریستەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن ئەمریکا و یەکیەتیی ئورووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەمارۆیان بەسەردا سەپاوە، کابینەی دەوڵەتی سێزدەهەم پێک دێنن کە هێندێک کەسیان گرینگترین وەزارەتخانەکان وەکوو وەزارەتەکانی “بەرگریی، ناوخۆ و نەوت”یان بەدەستەوەیە تەنانەت دوو کەسیشیان جێگری سەرۆککۆماری ئێرانن و ئەم کابینەیە لووتکەی هەوڵە چەندین ساڵەکەی خامنەییە بۆ پێکهێنانی توندئاژۆترین کابینە.
هەر لەم پێوەندییەدا محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم بە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لەهەمبەر کابینەی ڕەئیسی لە مەجلیسی ڕێژیمدا وتی: خامنەیی بۆخۆی هێندێک لە بەرپرسانی وەزارەتخانەکان وەکوو وەزارەتی ئیتلاعات و چەندین وەزارەتخانەی گرینگی دیکە دیاری دەکا و دەبێ نوێنەرانی مەجلیس دەنگی متمانە بە کابینە پێشنیارییەکەی ڕەئیسی بدەن.
لە کۆتایی ڕاپۆرتی ناوەندی داکۆکیکار لە دێموکراسییەکان هاتووەکە خولیاکانی خامنەیی بۆ هەبوونی کابینەیەک کە لەسەتا ٤٠ی بەرپرسەکانی گەمارۆی نێونەتەوەییان لەسەرە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ناوبراو حەزی لە کێشەیە لەگەڵ دونیای دەرەوە و لەسەر ئەوە باوەڕەیە کە چیدیکە پێویستی نییە بۆ چوونەدەرەوە لەژێر گوشاری گەمارۆکان نەرمی نیشان بدا و پاساو بێنێتەوە.