ژنانی ئازادیخوازی جیهان
خه‌ڵکی یه‌کسانیخوازی کوردستان
له‌لایه‌ن کومیته‌ی به‌رێوبه‌ری یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی رێکخراوه‌که‌مانه‌وه پێرۆزبایی رۆژی ٨ی مارس رۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنان پێشکێش به هه‌موو ژنانی خه‌باتکاری جیهان و به تایبه‌تی ژنانی یه‌کسانیخوازی کورد و خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان ده‌که‌ین .
به‌ڕێزان
ژنانی هێژا
له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م،ژنانێکی زۆر له وڵاتانی پیشەسازی به گرتنی حه‌قده‌ستێکی زۆر که‌م ونامرۆڤانه و هه‌روه‌ها به‌بێ هیچ ئاسانکارییه‌ک بۆ پێشکه‌وتنیان هاتنه ناو بازاری کاره‌وه. وه‌ها بارودۆخێک بووه هۆی پێکهاتنی خه‌باتگه‌ڵێکی مەدەنی که ژنانی کرێکاریشی به شێوه‌یه‌ک سازمان دا‌و جمۆجۆڵێکی له ژنان پێک هێنا. خه‌باتی ئه‌وان بوو که بارودۆخه‌که‌ی بۆپێکهێنانی رۆژی ژن هێنایه ئاراوه.
هه‌ڵبژاردنی رۆژی ٨ی مارس وه‌کوو رۆژی جیهانی ژن، به بۆنه‌ی خۆپبشاندانه گه‌وره‌که‌ی ژنانی کرێکاری کارخانه‌ی رستن و چنینی نیۆیۆرکی ئه‌مریکا له سالی ١٨٥٧ی زایینی دیاری کرا، که به‌مه‌به‌ستی زیادکردنی حه‌قده‌ست و که‌م کردنه‌وه‌ی ماوه‌ی کار خۆپیشاندانێکیان وه‌رێخست. له‌م خۆپیشاندانه که له‌گه‌ڵ هێرشی پۆلیس به‌ره‌وروو ببۆوه، به‌شێکی هه‌ره زۆری به‌شداربووانی خۆپیشاندانه‌که ده‌ستبه‌سه‌رو ژماره‌یەکی به‌رچاویش کوژران وبریندار کران .
خه‌باتی ژنانی کارخانه‌ی رستن وچنین له ئه‌مریکا، وه‌کوو روداوێکی مێژوویی و گرینگ له مێژووی خه‌باتی ماف خوازانه‌ی ژنان به گشتی و ژنانی ئازادیخواز به تایبه‌تی دێته ئه‌ژمار.
تا ئه‌و کاته واته ساڵی ١٩٢١ هه‌ر وڵاتیک له رۆژێکی جیاواز به‌ڵام هه‌ر له مانگی مارس بۆنه‌ی تایبه‌تیان به‌رێوه ده‌برد.
تا له ساڵی ١٩٧٨ رێکخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان به پێشنیاری کلارا زێتکین ”
یه‌کێک له ناسراوترین پێشتازانی سوسیالیستی بزووتنه‌ه‌ی ژنان
بریاریدا که ٨ی مارس وه‌ک رۆژی جیهانی ژن به ره‌سمی بناسێت.هه‌رچه‌نده به‌رێوه‌چوونی ئه‌م بۆنه‌یه له زۆرێک له وڵاتان بۆ نمونه نیشتمانی خۆمان رۆژهه‌ڵاتی کوردستان قه‌ده‌غه‌یه،دیسانیش ژنانی خه‌باتکار له‌بۆنه‌و کۆر وکۆبونه‌وه‌ی تایبه‌ت دا رێز له‌و رۆژه ده‌گرن.
ده‌بێ ئێمه ژنانی کورد باسی رۆژی٨ ی مارس بکه‌ینه باسیک بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌یه‌ک و تێرامانێک له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان. دوای ٣٧ ساڵ تێپه‌ر بوون به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسڵامی ئێستاش ژنان نیوه‌ی شاراوه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ن.له سه‌ره‌تای ئینقڵابه‌وه تا ئێستاش به شوعاری ؛ژن ده‌بێ له خزمه‌ت ماڵ و منداڵ و مێرد دابێ؛ژنانی خانه‌نشین کردووه و په‌ره‌ی به کۆیله‌کردنی ژنان داوه،چونکه رێژیمی زاڵ به سه‌ر ئێران‌دا باش ده‌زانێ به کۆیڵه کردنی ژنان که‌سانی وشیار و ئازادیخوازیش په‌روه‌رده نابن،تا ئێستاش هه‌ر په‌ره‌ی به‌و سیاسه‌ته داوه‌و ئه‌وه ژنانن ده‌بێ یه‌کگرتووانه به‌گژ ئه‌و سته‌مه‌دا بچنه‌وه.ئه‌وه‌ش ته‌نیا به خۆپێگه‌یاندنی ژنانه له هه‌موو بواره‌کاندا تا بتوانن توانایی خۆیان بسه‌ڵمێنن.
له ٨ی مارسی ١٣٥٧ هێشتا مانگێک له سه‌رکه‌وتنی شۆرشیک که ژنانیش شان به شانی پیاوان تێدا به‌شدار بوون،تێنه‌په‌ریبوو که خومینی دامه‌زرێنه‌ری ریژیمی تازه ، فتوای حیجابی زۆره‌مڵێ له‌سه‌ر ژنان دا.سه‌ره‌تای ئه‌و سه‌رکووته سیستماتیکه بوو که رێژیمی کۆماری ئیسڵامی ئێران له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خۆیدا له سه‌ر ژنان به‌رێوه‌ی برد، خۆپشناندانی خۆرسکی ٨ی مارسی ١٣٥٧ یه‌که‌م ناره‌زایه‌تی ده‌ربرین دژی حکومه‌تی کۆماری ئیسڵامی له لایان ژنانه‌وه بوو که به ناره‌زایه‌تی له فه‌رمانی حیجابی زۆره مڵێ هاتنه سه‌ر شه‌قام و به دروشمی (نا)ولامی فه‌رمانی خومینیان داوه. هه‌ر ژنایشن که به چوونی رێژه‌یه‌کی زۆریان بۆ زانستگه‌و خوێندنگه‌کان سه‌لماندیان که هیچ کۆمه‌ڵگایه‌ک به بێ وشیاری ژنان و پێگه‌یاندنی ئه‌وان به تایبه‌تی له لایه‌ن ژنان خۆیانه‌وه ره‌وتی پێشکه‌وتن نابینێ . لێره‌دا ده‌بێ بڵه‌ین که ئه‌وه ژنان ده‌بێ به وشیاری رۆژبه‌رۆژی خۆیان کۆمه‌ڵگایه‌کی باشتر و پێشکه‌وتوو درووست بکه‌ن ، که تا ئێستاش له‌و رێژیمه‌دا ده‌ره‌تانی وه‌ها کارێکیان سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵێکیان پێ نه‌دراوه.هه‌ر بۆیه ژنان تا گه‌یشتن به ئاکامی دڵخوازی خۆیان که کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و پێشکه‌وتوویه له خه‌بات به‌رده‌وام ده‌بن و ده‌بێ خۆمان بۆ هه‌موو هه‌زینه‌یه‌ک که قه‌راره له‌و رێگایه‌دا بیده‌ین ئاماده بکه‌ین .خه‌باتی دوور و درێژی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یه‌کسانیخواز بێ‌شک به هاوکاری و هاوهه‌نگاوی هه‌ردوولامان ده‌چێته پێش و سه‌ر ده‌که‌وێ. بێگوومان خه‌بات له پێناوی یه‌کسانیدا ئه‌رکی هه‌موو یه‌کسانیخوازێکه.
سه‌رکه‌وێ خه‌باتی ره‌وای ژنان له پێناوی ده‌سته‌به‌ر کردنی هه‌موو ماف و ئازادیه‌کانیاندا.
یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستان
٨ی مارسی ٢٠١٦ زایینی
١٨ی ره‌شه‌ممه‌ی ١٣٩٤ هه‌تاوی