وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە، ئەمریکا هیچ بەرنامەیەکی بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندیی دیپلۆماتیک لەگەڵ ڕێژیمی سووریە بە سەرۆکایەتی بەشار ئەسەد دا نییە و لەو سۆنگەیەشە هیچ لایەنێک هان نادەین پێوەندییان هەبێ.
بەپێی هەواڵی “ڕۆیتێرز” نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وڵامی پرسیارێکدا کە، ئایا تایبەتمەندی کرانەوەی تەواوی ڕێگە سەرەکییەکانی سنووری ئۆردۆن لەگەڵ سووریە و ئایا ئەمریکا پشتیوانی لە پێوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە دەکا؟ وتی: ئێمە هیچ هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانمان لەگەڵ ڕێژیمی بەشار ئەسەد نادەین و پشتیوانی لە هیچ لایەنێکیش ناکەین بۆ پێوەندی دروستکردن لەگەڵ ئەو ڕێژیمە و نەک هەر هاندەر نابین، بەڵکوو ڕێگریش دەبین.
نێد پرایس، ئەوەشی ڕاگەیاند کە، دەوڵەتی ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە هیچ پێوەندییەکی دیپلۆماتیکی یان هەر شێوەیەکی دیکە لەگەڵ ڕێژیمی سووریە دروست بکا و هیچ لایەنێکیش بۆ ئەو کارە هان نادا، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ڕێژیمی بەشار ئەسەد دژ بە خەڵکی سووریە جینایەتی گەورەی کردووە و هەموو یاساکانی مافی مرۆڤی پیشێل کردووە و بەردەوام کردەوەی کوشتار و لەنێوبردنی خەڵکی ئەو وڵاتەی ئەنجام داوە.