هاوکات لەگەڵ دووهەمین ساڵی وشکەساڵی و هۆشدارییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پاش بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ئەفغانستان لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە و داڕمانی ئابووریی ئەو وڵاتە، لەهەر ٢٠ بنەماڵەی ئەفغانی تەنیا یەک بنەماڵە دەتوانن خواردنی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن.
ڕۆژنامەی” دەیلی تێلێگراف” ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە بەپێی ئەو ڕاپرسییەی کە لەلایەن” بەرنامەی جیهانیی خۆراک”ەوە کراوە، تەنیا لە سەتا ٥ی بنەماڵەکانی ئەفغانستان دەتوانن ژەمەخواردنی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن و ڕێکخراوە مڕۆڤدۆستەکانی جیهانیش ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی بەدەسەڵاتگەیشتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان گەیاندنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکانمان بۆ ئەو وڵاتە تووشی کێشە بووەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە پێش لە بەدەسەڵاتگەیشتنی تاڵیبان لە ئەفغانستاندا لە چوار بەش، سێ بەشی بودجەی دەوڵەتی ئەفغانستان لە ڕێگەی یارمەتییە ماڵییەکانەوە دابین دەکرا و ئەم یارمەتییە ماڵییانە پاش ڕووخانی حکومەتی پێشووی ئەفغانستان ڕاوەستاوە و گەیاندنی یارمەتی بەو وڵاتە بەهۆی تاڵیبانەوە ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە.