پێشتر وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم رایگەیاندبوو کە، واکسێنی فایزەر هاوردە دەکرێ و ژنانی دووگیانی پێدەکوترێن، بەڵام ئێستا دەڵێ؛ ئەو جۆرە واکسێنە هاوردە ناکرێ و دەبێ ژنانی دووگیانیش واکسێنی جۆری سینۆفارمی چینی وەربگرن.
ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە، لێژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەو ئاکامە گەیشتوون کە، ژنانی دووگیان واکسێنی “سینۆفارم” وەربگرن و هەر بەو هۆیەشەوە هیج بڕیارێک بۆ هاوردەکردنی واکسێنی “فایزەر” لە ئارادا نییە و ئەو واکسێنە نایەتە وڵاتی ئێران.
شایانی باسە کە پێشتر بەهرام عەینوڵاهی، وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، لە شاری “دێهلۆڕان” لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا وتبووی: پێکوتەی “فایزەر” بە شێوەیەکی سنووردار و بۆ ژنانی دووگیان هاوردە دەکرێ و هەروەها داوا کراوە کە، ٢ میلیۆن و ٤٠٠هەزار قورچک واکسێنی فایزەر و ٥ میلیۆن واکسێنی “جۆنسن ئەند جۆنسن” هاوردەی ئێران بکرێ. ئەو داوایە لە حاڵێکدابوو کە پێشتر ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هاوردەکردنی واکسێنی ئەمریکایی و بریتانیایی بۆ ئەو وڵاتە قەدەغە کردبوو.