وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا دەڵێ: حیزبوڵای لوبنان لە ڕێگەی کاناڵە جیهانییەکانەوە هەوڵدەدا خەزێنەی حیزبەکەی بۆ پشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆریستەکان پڕ بکا.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕێگەی کۆمیتەی چاوەدێری لەسەر داراییەکانی دەرەوە بە هاوبەشی وڵاتی قەتەر، لە بەرنامەیەکی هاوبەشدا شەبەکەی ماڵیی حیزبوڵای لوبنان کە لە رێگەی کاناڵە جیهانییەکانەوە پارە بۆ پشتیوانیکردن لە گرووپە تێرۆریستەکان کۆدەکاتەوە، دۆزیوەتەوە و ئەمریکا گەمارۆگەلێکی نوێی بەسەر گرووپی حیزبوڵا و چەندین کەسی پێوەندیدار بەو گرووپەوە سەپاندووە.
ئاندریا جاکی، بەرپرسی دەفتەری کۆمیتەی چاوەدێری بەسەر داراییەکانی دەرەوە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە حیزبوڵای لوبنان بە پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە لە کۆکردنەوەی پارە بۆ پشتیوانیکردنی گرووپە تێرۆریستەکان لە ناوچەکە و جیهاندا.
ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ: ئەمریکا لە ساڵی ١٩٩٧ی زایینییەوە حیزبوڵای لوبنانی وەکوو گرووپێکی تێرۆریستی ناساندووە و لە ساڵی ٢٠٠١ی زایینییەوە ئەو حیزبەی خستۆتە نێو لیستی گرووپە تێرۆریستە جیهانییەکانەوە.