باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوە نێونەتەوییەکانی ڤییەن، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە لە پێشوودا هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەی ناوکیی کەرەج وتی: چاودێریکردنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، دامەزراوەی ناوکیی کەرەج ناگرێتەوە.
کازم غەریبئابادی، نوێنەری تایبەتیی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی دەوڵەتی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، ناتوانێ بۆ چاککردنەوەی کامێرا چاوەدێرییەکان بێتە نێو دامەزراوەی ناوکیی “کەرەج”ەوە، لەبەر ئەوەیکە کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانس لە هێرشێکی دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەنێوچوون و لە ڕێککەوتنی ئەم دواییانەماندا لەگەڵ ئاژانس جەختمان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە چاوەدێریکردنی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، دامەزراوەی ناوکیی کەرەج ناگرێتەوە.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بەوەیکە ئێران لەهەمبەر ئاژانسی ناوکیی وزە هیچ بەڵێنێکی نەداوە وتی: هاوکارییەکانمان لەگەڵ ڕێکخراوی نێونەتەوەیی وزە بە خواستی خۆمانە.
غەریبئابادی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داواکارییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەهەمبەر کۆگاکردنی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی بە مژارێکی سیاسی ناوزەد کرد و داوای لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزە و کۆمەڵگەی جیهانیی کردووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران مەحکووم بکەن.