سەرچاوە ئەمریکایی و نێونەتەوەییەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە رێژیمی ئێران لە پڕۆسەی دوورودرێژی وتووێژە ناوکییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و دووبارەکردنەوەی رێککەوتنی ناوکیی کەڵک وەردەگرێ تا بگاتە ئەو ئاستەی کە بتوانێ چەکی ناوکیی بەرهەمبهێنێ.
گۆڤاری” فاریەن پالیسی” لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بڵاو بۆتەوە، دەنووسێ: بەرپرسانی باڵای ئەمریکایی نێگەرانن لەوەیکە ئێران بە درێژکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، دەیهەوێت کات بە دەستبهێنی بۆ گەیشتن بە چەکی کۆمەڵکوژ.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هاتنەدەرەوەی بە پەلەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبان و هەروەها ڕەزامەندی دەوڵەتی جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێرانی زیاتر هانداوە کە هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ بەدەستهینانی چەکی ناوکیی وەگەڕ بخا و ببێتە دیکتاتۆرێکی زلهێز لە ناوچەکە و جیهاندا.
هەر لەم پێوەندییەدا” دێنیس ڕاس” دیپلۆماتی کۆنەکاری ئەمریکایی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ: بەرپرسانی ئێرانی زۆر بە ڕوونی هیچ ترسێکیان لە ئەمریکا نەماوە و بەو مانایە کە ئەمریکا هێزی بەرەنگاربوونەوەی لاوازبووە هەم لە ئاستی ناوچەکەدا و هەم لە ئاستی بەرنامەی ناوکیی ئێراندا.
گۆڤاری فاریەن پالیسی لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا دەنووسێ: ئەو باوەڕ بەخۆبوونەی ئێران لەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەو وڵاتانەی کە سەردەمانێک لەگەڵ ئەمریکا هاوپەیمان بوون کە پێش لە دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکیی بگرن، بەرەبەرە لەو هاوپەیمانییە دەکشێنەوە و نموونەی ڕوون وئاشکراش لەم بارەیەوە کێشەی فەرانسە لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا لەهەمبەر رێککەوتنی نوێی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئۆستراڵیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وڵاتی چینە.