چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشی چەند فڕۆکەی نەناسراوەوە بۆسەر سەکۆی هەڵدانی مووشەکی میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران لە شاری ئەبووکەماڵ، ١٢کەس برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتی چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە، ڕۆژی سێشەممە ٦ ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ئاکامی هێرشی چەند فڕۆکەیەکی نەناسراوە بۆ سەر سەکۆی هەڵدانی مووشەکی میلیشیاکانی سەر بە رێژیمی ئێران لە شاری ئەبووکەماڵ، هەڵکەوتوو لە نزیک سنووری نێوان سووریە و عێراق، وێڕای لەنێوبردنی ئەو سەکۆیانە، ١٢کەس لە میلیشیاکانی رێژیمی ئێرانیش بەتوندی بریندار بوون.
هەر لەم پێوەندییەدا چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە کە ئەو هیرشە هاوکات بووە لەگەڵ هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە شاری ” ئەلمەیادین” و لەو هێرشەدا ناوچەی ئەلمەزارع کە بنکە و مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لێیەک، بۆتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەیەکی شەڕکەری نەناسراوە.
هەواڵدەریی” ڕۆیتێرز” لەسەر ئەو هێرشانە لە زاری دانیشتووانی شاری ئەبووکەماڵ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە ڕۆژی سێشەممە چەندین فڕۆکەی شەڕکەری نەناسراو بەهێرشکردنە سەر مۆڵگەی میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریە وعێراقیان لە پارێزگای دێرەزوور بۆردوومان کردووە.