وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، داوای لە کۆمەڵگەی جیهانیی کردووە کە بە هەست بە بەرپرسایەتیکردن لەهەمبەر پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان لەلایەن ئێرانەوە، ڕووبەڕووی ئەو رێژیمە ببنەوە.
فەیسەڵ بێن فەرحان، وەزیری دەرەوەی عەرەبستان، ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کە بەشێوەی ئانلاین لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی کۆکردنەوەی چەکی ناوکیی پێکهاتبوو بەشدار ببوو، ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی جیهانیی دەبێ بە کۆدەنگی پێش لە سەرەڕۆییەکانی ئێران، پێشێلکارییە نێونەتەوەییەکانی و بەرنامەی ناوکیی ئەو رێژیمە بگرن.
ناوبراو لە دڕێژەی قسەکانیدا وتی: عەرەبستان پشتیوانی لە هەموو هەوڵێکی نێونەتەوەیی بۆ پێشگرتن لە ئێران لەهەمبەر دەسپێڕاگەیشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی کۆمەڵكوژ دەکا و پێمان وایە کە ئێرانێک بەدوور لە چەکی ناوکیی، گەرەنتی ئاسایش و ئاشتیی جیهان و ناوچەکەیە.
وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئەمڕۆ کە لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەناوی ڕۆژی کۆکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی چەکی ناوکیی دیاریکراوە، ڕۆژێکی پێرۆز و تایبەتە و ئێمە بۆ سەقامگیری و ئاسایش و تەبایی ناوچەکە و جیهان، هەموو هەوڵێک دەدەین و پێشوازی و پشتیوانیی لە هەموو هەوڵێکی نێونەتەوەیی دژ بە بەرهەمهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ دەکەین.