بەرپرسێکی کۆشکی سەرۆککۆماری فەرانسە،جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێران بۆ دووربوون لە کێشە، دەبێ بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژەکان لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان و بەهۆی ئەوەیکە خاڵەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ڕوونە، پێویست ناکا ئێران مەرجی نوێ بۆ وتووێژ دیاری بکا.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا و لە زاری بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سەرۆککۆماریی فەرانسە ڕایگەیاند کە ئێران نابێ بۆ گەڕانەوەی وڵاتەکەی بۆ سەر مێزی وتووێژەکان لە پێشدا مەرج دیاری بکا، لەبەرئەوەیکە هەر هەوڵێک بۆ دیاریکردنی مەرجی نوێ بۆ وەگەڕخستنەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ئێران تووشی کێشەیەکی گەورە دەکا.
ناوبراو سەرەڕای ئەوەیکە داوای لە زلهێزە جیهانییەکان کردووە کە لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئێران دەبێ کۆدەنگ بن، وتی: هەوڵەکانی ئێران دەرخەری ئەوەیە کە دەبێ زلهێزە جیهانییەکان لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئێران بڕیارێکی لێبڕاوانە بدەن و ڕووبەڕووی سەرەڕۆییەکانی ئێران ببنەوە.
جێگای ئاماژەیە کە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن پاش ٦ دەورە دانیشتن، بەهۆی بە دەسەڵات گەیشتنی ئیبراهیم ڕەئیسی وەکوو سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەیەکی درێژە سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی وڵاتانی ئورووپایی و بەشدار لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ڕاوەستاوە.