ڕێکخراوەکانی چالاکی مافی مرۆڤی جیهان، لەبارەی پێشێلکاری و توندوتیژییەکانی تاڵیبان لەهەمبەر ژنانی ئەفغانستان، داوایان لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە پێش بە کردەوەکانی ئەو گرووپە بگرن لەو وڵاتە.
ڕۆژی دووشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، گرووپەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و بەرپرسانی پلەبەرزی لەکارلادروای ئەفغانستان، داوایان لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە، پێش بە کردەوە دڕەندانەکانی تاڵیبان لەسەر ژنانی ئەو وڵاتە بگرن و لێکۆڵینەوە لە کردەوەکانی ئەو گرووپە بکەن کە توندوتیژێ بەرانبەر ژنان و ئازادی رادەربڕین ئەنجام دەدا.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ئەفغانستان پشتیوانی لەو داواکارییە کرد و وتی: تاڵیبان زۆرترین چالاکی ڕێکخراوەکەمانی لەو وڵاتە ڕاگرتووە و ڕێگە نادە بەداوداچوون بۆ مافی مرۆڤ بکەین و ئەو گرووپە بە ئارەزووی خۆی هەموو مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردووە و بە تەواوی خەریکی کوشتاری بەئانقەستە و هیچ بەهایەکی مرۆیی ڕەچاو ناکا.