وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفرانسێکدا، بە ئاماژە بەوەیکە بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە شوێنێکی مەترسیدار وتی: نابێ ئیزن بە ڕێژیمی ئێران بدرێ کە هەر کات پێی باش بێ دەرفەت دەبێ بۆ وتووێژە ناوکییەکان.
ڕۆژی دووشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، ژان ئیۆ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرانسە، لە درێژەی قسەکانیدا لە ٧٦هەمین کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ بە زووترین کات وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەست پێبکاتەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە لەبارەی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بێ ترس و دوودڵی هەڵسوکەوت بکا.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: نابێ ڕێگە بە ڕێژیمی ئێران بدرێ لە کاروباری ئەفغانستان دەستێوەردان بکا و دەبێ ئێمە ڕێکارە سیاسی و ئەمنیەتییەکان لە پێوەندیی لەگەڵ حکومەتی کابول لەبەرچاو بگرین بۆ ئەوەی پەیوەندی ئەو وڵاتە لەگەڵ هیچ چەشنە ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستی نەمێنێ و بە تایبەت ڕێژیمی ئێران نابێ لەو بۆشاییە کەڵک وەرگرێ و دەبێ بە هەموو شێوەیەک ڕێگە نەدەین کە کۆماری ئیسلامی بەدڵی خۆی پێیوابێ کە هەر کات بتوانێ کات هەیە بۆ وتووێژەکانی ناوکیی چوون هەتاکوو بەرنامە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە بەرەو پێش بچێ مەترسی زیاتر بۆ سەر ئاسایشی جیهان دروست دەکا.