هەڵاوسانی ئابووریی و چوونەسەری نرخی لە سەتا ٥٠ی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، ئێرانی تووشی قەیران و خەڵکی تووشی هەژاری کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا کە ڕۆژی دووشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوبۆتەوە، چوونەسەری نرخی برینج و گرانبوونی لە سەتای ٥٠ی نرخی برینج بەجۆرێک کە هەر کیلۆ برینج گەیشتۆتە ٣٨هەزارتمەن، سفرەی خەڵکی لە برینج بەتاڵ کردووە و تەنیا لە سەتا ٣٠ی خەڵکی ئێران دەتوانن برینج بۆسەر سفرەکانیان دابین بکەن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نرخی شەکر لە سەتا ٦٣ و نرخی گۆشت لە سەتا ٥٨ بەرزبوەتەوە و هەروەها نرخی شیر لە سەتا ٦٨، دۆ لە سەتا ٦٠ و ماست لە سەتا ٨٦ بەرزبوەتەوە و ژیانی خەڵکی هەژار و کەمداهاتی ئێرانی تووشی کێشە و گرفت کردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا زۆربەی کارناسانی جیهانیی لەسەر ئەو باوەڕەن کە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا بەدژی ئێران ئەو وڵاتەی تووشی داڕمانی ئابووریی کردووە و بەرپرسانی ئێرانی هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەم کیشەیە هەڵناهێننەوە و گوشارێکی زۆر کەوتووەتە سەرشانی خەڵکی هەژاری ئێران.