یەکیەتیی ئورووپا سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لەهەمبەر ئیزننەدانی ئێران بە لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج، داوای لە ئێران کردووە کە بەبێ ڕاوستان و کات بەفیڕۆدان، ئیزن بە لێکۆڵەرانی ئاژانس بۆ لێکۆڵینەوە لەو دامەزراوەیە بدا.
ئێستێفان کێلمێنت، باڵوێز و بەرپرسی نوێنەرایەتییەکانی یەکیەتیی ئورووپا لە ڤییەن، ڕۆژی دووشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای پشتیوانیی لە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لەهەمبەر پەروەندەی ئێران، داوای لە تاران کردووە زۆر بە خێرایی ئیزنی لێکۆڵینەوە و سەردانی لێکۆڵەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج بدا.
بەرپرسی نوێنەرایەتییەکانی یەکیەتیی ئورووپا، سەرەڕای مەترسیدار ناوبردنی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لەهەمبەر پێشگرتن لە لێکۆڵەرانی ئاژانس بۆ لێکۆڵینەوە لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج، وتی: دەبێ ئێران بە مەبەستی بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی بە خێراترین کات بگەڕێتەوە سەرمێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
هەر لەم پێوەندییەدا ئەمریکا لە دانیشتنی ڕۆژی دووشەممەی شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێران دەبێ ئیزنی لێکۆڵینەوە لە دامەزراوەی ناوکیی کەرەج بە لێکۆڵەرانی ئاژانس بدا و کامێرا چاوەدێرییەکانی ئاژانس دەبێ خێرا چاک بکرێنەوە و ئەگەر ئێران پێش لە لێکۆڵەرانی ئاژانس بگرێ، ڕووبەڕووی بڕیاری توندی شۆرای بڕیاردەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە هەر لەم پێوەندییەدا کازم غەریبئابادی، نوێنەری تایبەتی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی وتی: بڕیاراتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەمبەر کەرەستە تایبەتە چاوەدێرییەکانی ئاژانس، تەنیا بە مەبەستی سیاسیی بووە نە حقووقی هەربۆیە ئاژانس ناتوانێ و نابێ لەم بارەوە هیچ مافێکی لێکۆڵینەوە بە خۆی بدا.