سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێ: بەرنامەی ناوکیی ئێران گەیشتۆتە قۆناغێکی هەستیار و هێڵی سووری تێپەڕاندووە.
نەفتالی بێنێت سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دانیشتنی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ئیسرائیل بەڵگەگەلێکی لەبەردەست دایە کە دەیسەلمێنێ ئێران هەوڵ بۆ دەسپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکیی دەدا و هەروەها بێنێت جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئیسرائیل ئیزن نادا ڕێژیمی ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بەوەیکە بە تەنیا قسەکردن پێش لە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران ناگرێ وتی: جیهان پێویستی بە کۆدەنگی و بڕیارێکی لێبڕاوانەیە بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
نەفتالی بێنێت لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرەڕای ڕەخنەگرتنی توند لە بەرپرسانی ئێران، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تاران پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستەکان دەکا و هۆکاری سەرەکییە بۆ وێرانی و شەڕ لە وڵاتانی لوبنان، عێراق، سووریە و یەمەن.
هەر لەم پێوەندییەدا گێلعاد ئەردان، باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە ئاشکرای کرد کە ئەمریکا و زلهێزە جیهانییەکان خەریکی داڕشتنی پلان و بەرنامەیەکی جێگرەوەن بۆ ڕاوەستانی بەرنامەی ناوکیی ئێران لە ئەگەری شکستی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.