وەزیری دەرەوەی یەمەن لە دانیشتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتی: یەمەن بۆ دوورکردنەوەی خەڵک لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ بە چەندین جار دەستی ئاشتی بۆ حووسییەکانی یەمەن درێژکردووە و ئیمتیازگەلێکی زۆری بۆ گەیشتن بە ئاشتی و پێکەوەژیان داوە بە حووسییەکان، بەڵام حووسییەکان بە فەرمانی ئێران، دژایەتیی هەموو گەڵاڵەیەکی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەن.
ئەحمەد بێن موبارەک، وەزیری دەرەوەی یەمەن، ڕۆژی دووشەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە دانیشتنی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، سەرەڕای ئاماژە بە پێبەندبوونی دەوڵەتی یاسایی یەمەن بە هەموو بڕیارنامەکانی شۆرای ئاسایش و هاوکاریی لەگەڵ نێردراوی تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕەزامەندیی دوڵەتی یاسایی یەمەن بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکان وتی: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئیزن بە میلیشیا حووسییەکان نادەن، کێشەکانمان لە ڕێگەی ئاشتی و سیاسییەوە چارەسەربکەین و بەردەوام دژایەتیی پڕۆسەی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەن لە یەمەن.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژە بە هێرشی ئەم دواییانەی میلیشیا حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر پارێزگای مەرئەب و لەباربردنی هەموو هەوڵەکانی ئاشتی لەلایەن ئەو گرووپەوە وتی: میلیشیا حووسییەکان لە یەمەن جینایەت دەکەن و مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن.
بێن موبارەک لە کۆتایی قسەکانیدا سەرەڕای ئاماژە بە ماڵوێرانی و ئاوارەبوونی خەڵکی یەمەن بەهۆی شەڕەوە وتی: هەڵسوکەوتی میلیشیا حووسییەکان زیاتر لە هەڵسوکەوتی گرووپی داعش و ئەلقاعیدە دەچێ و بەردەوامن لە کوشتن و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە یەمەن.