“محەممەدعەلی کەی نەژاد” ئەندامی هەیئەتی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگیی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە کە چیتر لە مامۆستایانی وانەبێژی کاتیی کەڵک وەرناگرن.
“محەممەدعەلی کەی نەژاد” ڕایگەیاند کە: “هۆکاری سەرەکیی ئەم کارە ناچارکردنی زانکۆکانە کە مامۆستای فەرمی وەرگرن”؛ بەڵام ئەم یاسا بەبێ هیچ بیرێکی کارناسی و بەبێ ئەوەیکە ئامادەکارییەکی بۆ کرابێ و وەک باقی هەوڵەکانی ڕێژیم کارێکی شانۆیی و بێسەرەنجامە و لە ڕاستیدا بەهۆی قەیرانی ئابووریی وڵات و کەمتەرخەمی بەرپرسانی بەشی پەروەردە و بارهێنان، دیاردەی “وانەبێژانی کاتیی” بووە بە شتێکی باو لەنێو زانکۆکاندا، چوون بە کەمترین پارە زۆرترین کەڵک لەو مامۆستایانە وەردەگیردرێت و هەرکات بەرهەڵەستی سیستێم ودەسەڵات قسەیەک بکەن زۆر بە ئاسانی لە کارەکەیان دوور دەخرێنەوە و وا دیارە کە بەرپرسان بەو کارە ڕازین لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر مامۆستای شارەزا و کارامە بەهۆی دەربڕینی خواست و ویستە ڕەواکانی کۆمەڵگا لە کار دوور خراونەتەوە.
شایانی باسە کە زۆربەی ئەو مامۆستایانەی کە بە شێوەی کاتیی وەک وانەبێژ لە زانکۆکان کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت خاوەن پلە و پایەی باڵای خوێندنن، بەڵام بە شێوەی فەرمی کەڵکیان لێ وەرناگیردرێت.