ئێران لە دوایین پلەکانی ڕیزبەندی ئازادی و نرخی دراو و پارەی وڵاتانی دنیادا ڕاوەستاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی ئابووریی “هێریتیج” کە ساڵانە بەها و بایەخی دراو و پارەی وڵاتانی جیهان و هەروەها ڕوونکردنەوە سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری ئەو وڵاتانە دەدات، ڕایگەیاندووە کە پارەی وڵاتی ئێران لەساڵی ٢٠٢١ لە دوایین پلەکانی ڕیزبەندەی بەها و ئازادی مامەڵەپێکردن لە جیهان دایە و هاوشانی “وێنێزۆئێلا” و خوارتر لە وڵاتانی ئەفریقایی وەکوو “لیبی” و “ئانگولا” ڕاوەستاوە.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران هەوڵی داوە بە ڕێگای سیاسەتی پووڵی خۆی ئەو کێشانە چارەسەر بکات و بۆ وێنە لە ڕواڵەتدا گەڵاڵەگەلێکی وەکوو لابردنی سیفری سەر پارەی وڵاتی هێناوەتە ئاراوە کە جگە لە کارێکی شانۆیی و پاککردنەوەی ڕووکەشیانەی کێشەکە و دوورکردنەوەی بیرومێشکی خەڵک لە بابەتەکە، هیچ دەسکەوتێکی زانستی و باشی لێ ناکەوێتەوە. جێی ئاماژەیە لە سەرووی ئەم ڕیزبەندیەوە وڵاتانی ئوستراڵیا، ژاپۆن و ئیسرائیل جێیان گرتووە.