گرووپی حیزبولای لوبنان سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕایگەیاند کە دووهەمین باری سووتەمەنی لە ئێرانەوە بۆ لوبنان، گەیشتە بەندەری بانیاس لە سووریە.
هادی بەیگی نەژاد، ئەندامی کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیسی ڕێژیم ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، سەرەڕای ڕەتکردنەوە قسەکانی حەسەن نەسروڵا، ڕێبەری گرووپی حیزبوڵای لوبنان لەهەمبەر بەخۆڕایی ناردنی دووباری سووتەمەنی لەلایەن ئێرانەوە بۆ لوبنان وتی: کە ئەو دوو بارە سووتەمەنییە بەخۆرایی نەنێردراوە بۆ لوبنان و لەپێشدا پارەی سووتەمەنییەکان لە حیزبوڵای لوبنان وەرگیردراوە.
جێگەی ئاماژەیە کە یەکەمین باری سووتەمەنی کە ٨٠ تانکێری نەوتهەڵگر بوو لە ڕێگەی بەندەری بانیاسی سووریەوە گەیشتە شاری بەعلبەک کە لەژێر سەیتەرەی میلیشیاکانی حیزبولای لوبنان دایە.
شایانی باسە کە کاردانەوە نەرێنییەکانی خەڵک و دژبەرانی سیاسیی گرووپی حیزبوڵای لوبنان لەهەمبەر هاوردەکردنی نەوت لە ئێرانەوە لە پەرەسەندن دایە و ڕەخنەگرانی حیزبوڵا دەڵێن: حیزبوڵای لوبنان، لوبنانی بە تاران فروشتووە.