لەنیا تەها کەریم کچە کوردێکی دانیشتووی وڵاتی ئایسلەند وەک ئەندام پەرلەمانی ئەو وڵاتە هەلبژێردرا.
لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئایسلەند، هاوپەیمانیی چەپ و ڕاستەکان براوەی زۆرینەی دەنگەکان بوون و بۆ یەکەمجار ژمارەی ئەندامانی ژن لە ژمارەی ئەندامانی پیاو لە پەرلەمانی ئایسلەند زیاترە و هاوکات کچە کوردێکی دانیشتووی ئەو وڵاتەش، بووە بچووکترین ئەندامی پەرلەمان.
رۆژی ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئایسلەند بەڕێوەچوو و بەپێی ئەنجامەکە هاوپەیمانییەتی پارتی چەپ و ڕاستەکان براوەی زۆرینەی دەنگەکان بوون و لە کۆی ٦٣ کورسی، ٣٧ کورسییان بەدەستهێنا.
هەر لەو هەڵبژاردنەدا بۆ یەکەمجار ژمارەی ئەو بەربژێرە ژنانەی گەیشتنە پەرلەمان زیاتر بوو لە پیاوان. کچە کوردێکی دانیشتووی ئەو وڵاتەش بە ناوی “لەنیا تەها کەریم”، تەمەن ٢١ ساڵ، وەک بچووکترین ئەندام پەرلەمانی ئایسلەند هەڵبژێردرا.
لەنیا تەها کەریم، تەمەن ٢١ ساڵ، لە چاوپێکەوتنێكی میدیاییدا باسی لە پێشینەی خێزانی خۆی کردووە و دەڵێ ئێمە کوردین و بنەماڵەکەم لە ساڵی ١٩٩٣چووەتە ئایسلەند و دەڵێ من لە ئایسلەند لە دایکبووم و گەورە بووم، زمانی ئایسلەندی زۆر بە باشی دەزانم، بەڵام هاوکات دەشزانم کە من لە بنەماڵەیەکی کۆچبەرم.