سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوا لە هەموو خەڵکی عێراق دەکا، کە ئەگەر دەیانهەوێت ئالوگۆڕ لە سیستەمی دەسەڵاتداریی و پارلەمانیدا پێکنهێنن، ئەوە دەبێ لە هەڵبژاردنەکانی پارلەماندا بەشدار بن.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە بەرەبەرەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر نووسی: هەر کەس کە دەیهەوێت چاکسازیی بکرێ و بارودۆخی عێراق بەرەوە باشتربوون بڕوات، ئەوە دەبێ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پارلەمانی عێراقدا بەشداربێ.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن لە عێراق، بنکەکانی هەڵبژاردنەکان جیا لەیەکتر دەبن و هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ ئەوەیکە ئەندامی حیزبێک بن و جیا لە هاوپەیمانییە سیاسییەکان، خۆیان بەربژێر بکەن بۆ نوێنەرایەتیی پارلەمان.
جێگای ئاماژەیە کە لەم هەڵبژاردنەی عێراقدا لە سەتا ٢٥ی کورسییەکان وەک کۆتا دراوە بە ژنان و ٣ هەزار و ٢٠٠ کەس خۆیان بەربژێر کردووە بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پارلەمان.