ئەمیرعەبدوڵاهیان سەرەڕای ئاماژە بە پێویستنەبوونی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەم وتووێژانە بە ئاکامیش نەگات، گرفتێک نایەتە پێش چوونکە ئێمە بەرجام تەنیا وەکوو کاتالیزۆر و پاڵنەرێک دەبینین بۆ خێراکردنەوەی پێوەندییەکان بۆ پێشکەوتنە ئابوورییەکانی ئێران.
حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش گەرانەوەی لە نیویۆرک بۆ ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: نامانهەوێت داهاتووی ئێران گرێ بدەین بە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ئەو وتووێژانە هێڵی سووری دەوڵەتی ڕەئیسییە.
ناوبراو بەئاماژە بە پێوەندییە ئابوورییەکان و بڕیارە دژبەیەکەکانی دەوڵەتی جۆ بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، لەهەمبەر گەمارۆکانی سەر ئێران وتی: ئەو پەیامگەلەی ئەمریکا کە لە ڕێگەی تۆڕە میدیاییەکان و ناوەندە دیپلۆماتیکەکان دەگەنەوە بە ئێمە، نابنە سەرچاوەی بڕیاری کۆتایی ئێمە لەهەمبەر وتوێژە ناوکییەکانی ڤییەن و ئێمە لەسەر بەکردەیی کردنی بەڵێنەکانی ئەمریکا بڕیار دەدەین.