ڕێژیمی ئێران و میلیشیاکانی سەر بەو ڕێژیمە سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەدان کەسایەتیی ناسراوی عێراقی بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پێوەندیی نێوان ئیسرائیل و عێراق، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بەدژی وەستاونەتەوە.
پاش ئەوەیکە زیاتر لە ٣٠٠ کەسایەتیی ناسراوی عێراقی لە کۆنفرانسێکیدا لە شاری “هەولێر”ـی پێتەختی هەرێمی کوردستان، خوازیاری ئاساییکردنەوەی پێوەندیی عێراق لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل بوون، دەوڵەتی بەغدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و میلیشیاکانی سەر بەو رێژیمە، بە نیسبەت ئەو کۆنفرانسە دژکردەوەیان نیشان دا و لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەو کۆبوونەوەیە زەربە لە بەرژەوەندییەکانی ناوچەکەدا دەدا.
ئەو کۆنفرانسە بە هاوکاری ناوەندێکی ئەمریکایی بە ناوی “ناوەندی پێوەندییەکانی ئاشتی” بەڕێوەچووە و بەشداربووانی ئەو کۆنفرانسە داوای ئەوەیان کردووە کە پێویستە بە تەواوی پێوەندیی دیپملۆماتیک لەنێوان ئیسرائیل و عێراق بێتە ئاراوە و ئەو پێوەندییە ئاسایی بکرێتەوە، و داوایان کرد کە دەبێ کۆمەڵگەی عێراقی و جولەکە لە دەرەوەی وڵات ئەو پێوەندییە دروست بکەن.
جێی ئاماژەیە کە، نەفتالی بێنێت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە نیسبەت بەڕیوەچوونی ئەو کۆنفرانسە وتی: ئەو داواکارییە کە بۆ ئاشتی کراوە لەلایەن خەڵکی عێراقەوە بووە نەک دەوڵەتی ئەو وڵاتە، بەڵام ئێمە ئەو هەنگاوە بەرز دەنرخێنین و بە فەرمی دەناسین و وڵاتی ئیسرائیل بەردەوام بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێ.