وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە بۆ هێرشی ئاسمانیی بەدژی گرووپی تێرۆریستی داعش و ئەلقاعیدە لە ئەفغانستاندا، ئیزن لە تاڵیبان وەرناگرین و ئێمە لە بڕیارداندا سەربەخۆ هێرش دەکەینە سەریان.
جان ئێف کێربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، شەوی شەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا هەموو بڕیارێکیان بۆ هێرشەکردنە سەر گرووپە تێرۆریستەکان پێیە و بۆ هێرشی ئاسمانیی بەدژی گرووپە تێرۆریستییەکانی داعش و ئەلقاعیدە ئیزن لە تاڵیبان وەرناگرین و سەربەخۆ هێرش دەکەینە سەر ئەو گرووپانە و لەنێویان دەبەین.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان ئەمریکا و تاڵیباندا کراوە، دەبێ تاڵیبان هەموو پێوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە تێرۆریستییەکان بە تایبەتی ئەلقاعیدە بپچڕێنێ و هیچ پێوەندییەکی بە گرووپە تێرۆریستییەکانەوە نەمێنێ.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا باس لەو دەکا کە تاڵیبان پێبەند نەبووە بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمریکا و تا ئێستاش پێوەندیی لەگەڵ گرووپی تێرۆریستی ئەلقاعیدە بەردەوامە و بەرپرسانی ئەلقاعیدە گەڕاونەتەوە بۆ ئەفغانستان و لەلایەکی دیکەوە بەهێزەبوونی لقی خوراسانی گرووپی داعش هەڕەشەیەکی دیکە لە ئەفغانستان بۆ سەر ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە دێتە ئەژمار.