١١میلیۆن کەس لە ئێراندا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کار دەکەن و دابەزینی خێرایی ئێنتێرنێت و گەڵاڵەی چاودەێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرچاوەی داهاتی ئەو ١١ میلیۆن کەسەی ڕووبەووی مەترسی کردۆتەوە.
ماڵپەڕی تەجارەت نیوز، ڕۆژی شەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بە بڵاوکردنەوەی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕایگەیاند لە سەتا ٨٣ی ئەو ١١ میلیۆن کەسە کە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینیستاگرامەوە خەریکی فڕۆشتنی کەلوپەل و شتومەکن، بە دابەزینی خێرایی ئێنتێرنێت سەرچاوەی داهاتی ئەو خەڵکە تووشی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە.
لەکاتێکدا بەپێی ئاماری ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، نرخی بێکاری لە ئێران لە سەتا ٢٤ دیاریکراوە، بەڵام ئەوە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەشوێن ئیشوکاردا دەگەڕێن و ئەو ئەمارە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بێکارن و بەشوێن کاردا ناگەڕێن.
تەجارەت نیوز، لە زاری عادڵ تالبی، یەکێک لە کارناسانی بواری تێکنۆڵۆژیا و زانیاری ڕایگەیاند کە دەسپێڕاگیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییە فیلتێرکراوەکانی وەکوو تێلێگرام و تویتێر لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن بەکارهێنەرانەوە زۆر قوورستر بووەتەوە.
تالبی لە درێژەدا بە “تەجارەت نیوز”ی ڕاگەیاند کە ئەم هەوڵانە بۆ فیلیتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەمکردنەوەی خێرایی ئینتێرنێت لە ئێران، بەهۆی گەڵاڵەی چاودێری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن مەجلیسی ڕێژیمەوە خەریکە بە یاسایی دێتە ئاژمار و هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیار و وڵامدەر نییە لەهەمبەر دابەزینی خێرایی ئینتێرنێت و فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
جێگای ئاماژەیە کە پێشتریش لە ساڵی ٩٦ی هەتاوی بە فیلتێرکردنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە خەسارێکی گەورەدرا لەو کاسبکارانەی کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کاریان دەکرد.