ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، ڕاگەیەندراوێک لەلایەن چالاکانی مەدەنیی شاری سەردەشت بڵاو بووەتەوە کە داوا لە خەڵک دەکات؛ سەبارەت بە کردەوە تیرۆریستیەکانی چەند مۆرەیەکی بەدناوی شاری سەردەشت، کە سەر بە سپای تیرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، بوەستنەوە.
ماوەیەکە چەند کەسێکی ناسراو و دەستڕۆیشتوو لە ایەن دەسەڵاتەوە، کچان و ژنانی سەردەشت دەڕفێنن و بێڕێزی بە کەرامەتیان دەکەن و پاشان بە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و فیلمەکانیان، بێدەنگیان دەکەن.
سەرەڕای سکاڵا و بەدواداچوونی خەڵکی سەردەشت لە شوێنە یاساییەکان هیچ یەک لەو کەسە بەدناوانەی سەر بە سپای تیرۆریستی پاسداران، دەسبەسەر نەکراون و تەنانەت دادستێن و دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم لە شاری سەردەشت هەڕەشەی توندیان لە خەڵکی ئەو شارە کردووە کە ئیزنی هیچ ڕێپێوان و کۆبوونەوەیەکیان لە سەردەشت نییە.
هەر بەم هۆیەشەوە خەڵکی سەردەشت بڕیاریان داوە بە ڕێپێوان و چالاکی پێش بەم دەسڕێژییانە بگرن و ڕاگەیەندراوێکیان سەبارەت بەم بابەتە بڵاو کردووەتەوە
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:
ئێمە هاووڵاتیانی سەردەشت بە هەموو چین و توێژ و بۆچوونێکەوە، لە گردبوونەوەیەکی هێمنانەدا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو کردەوە قێزەونەکان و دەستدڕێژییە هۆڤانەکان، بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاسایش و ئیدانەکردنی هەر جۆرە دەستدرێژییەک، هاواری دادپەروەری و بەسزاگەیاندنی تاوانباران بەرز دەکەین و بەرگری لە شار و کۆمەڵگا و کەرامەتمان دەکەین.
ئەمجارەش بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤیمان هاوسۆزی لەگەڵ قوربانییەکانی ئەم تاوانە قیزەونە و بنەماڵەکانیان دەکەین و لەبەرانبەر ئەو کردەوە قێزەون ودوور لە هێما ئینسانیانە هەڵوێست دەگرین و خوازیاری بنبڕکردنی دەبین و ئەرکی ئەخلاقی خۆمان بەجێ دێنین
کات: شەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، کاتژمێر٤ی پاش نیوەڕۆ
شوێن: مەیدانی سەرچاوێ