وەزیری دەرەوەی یەمەن لە وتووێژێکدا دەڵێ: ڕێژیمی ئێران ئیزن بە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن نادا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەردەوامە لە هاندانی ئەو گرووپە بەدژی دەوڵەتی یاسایی یەمەن.
ئەحمەد عەوەز بێن موبارەک، وەزیری دەرەوەی یەمەن، ڕۆژی هەینی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران فەرمانی بە میلیشیا حووسییەکانی یەمەن کردووە تاکاتی داگیرکردنی پارێزگای مەرئەب دانیشتنی سیاسی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ دەوڵەتی یاسایی یەمەن نەکەن.
بێن موبارەک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: زیاتر لە سەتا ٨٠ی خەڵکی یەمەن پێویستیی خێرایان بە یارمەتییە مڕۆڤدۆستانەکان هەیە و داوای لە کۆمەڵگەی جیهانیی کرد کە بەچاوی مرۆییانە سەیری کێشەی سیاسی، ئابووری و سەربازیی وڵاتی یەمەن بکەن.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە بەربەست سازکردنی میلیشیا حووسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لەسەر ڕێگای یارمەتییەکانی وڵاتانی جیهان بۆ یەمەن وتی: ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکەین کە بەتوندترین شێوە ڕووبەڕووی میلیشیا حووسییەکان ببێتەوە و ناچاریان بکا بێنەسەر مێزی وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی سیاسییەوە.