ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیم دەڵێ: گرینگترین کار و بەرنامەی دەوڵەتی سێزدەهەم ڕێککەوتنی بەرجام نییە و ئەو پەروەندەیە لە ئەولەوییەتی سەرکیی بەرنامەکانی دەوڵەت چووەتە دەرەوە.
فداحوسێن مالکی، ئەندام کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتەکانی دەرەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی” ئینتخاب ” بە ئاماژە بەوەیکە ئەولەوییەت و گرینگترین کاری حکومەت چارەسەرکردنی کێشەی ئابووریی خەڵکی ئێرانە وتی: ئێمە وتووێژ بۆ وتووێژ ناکەین بەڵکوو وتووێژ بۆ ئاکامێکی باش دەکەین لە قازانج و بەرژەوەندیی حکومەت و خەڵکی ئێران.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: تائێستا تیمی وتووێژ پێکنەهاتووە و ئەم پەروەندەیە لە شۆرای باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێراندایە، بۆ بڕیاردان لەسەری و ئەگەری ئەو هەیە کە یەکێک لە جێگرەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەرپرسی تیمی وتووێژی ئێران لە وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن دەبێ.
جێگای ئاماژەیە کە عەلی خامنەیی بەردەوام دووپاتی دەکاتەوە کە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لەهەمبەر وتووێژە ناوکییەکان تەنیا جێبەجێکاری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە و بڕیاردەری سەرەکیی لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی بەرپرسانی سەرەوەی وڵاتن.