حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە دەوڵەتی نوێی ئێران، سەرقاڵیی هەڵسەنگاندنی وتووێژەکانی دەوڵەتی پێشووی ئێرانە سەبارەت بە وتووێژە ناوکییەکان، وتی: تاران ساڵانێکە هیچ قازانجێکی لە ڕێککەوتنی ناوکیی بەدەست نەهێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی “فارس” حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژ هەینی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەهەمبەر دووبارە دەسپێکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن وتی: ئێران ئامادەیە بەخێراترین کات بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژەکان بۆ دووبارەکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، بەڵام دەوڵەتی بایدێن بە لانەبردنی گەمارۆ ئابوورییەکان و سەپاندنی گەمارۆی نوێ بەدژی ئێران، بەردەوام سیگناڵی نەرێنی و دژایەتی بۆ تاران ڕەوانە دەکا.
ناوبراو لەدرێژەدا بە ئاماژە بەوەیکە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرقاڵیی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکەیە وتی: ئێمە لەهەمبەر ئەو پرسە کۆبوونەوەی زۆرمان بووە و دەمانهەوێت کە دەرگای دیپلۆماسی کراوە بهێڵینەوە و بە زووترین کات دەگەڕێینەوە سەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن.
هەر لەم پێوەندییەدا ئانتۆنی بلینکێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاندبوو کە ئێمە ئامادەین بگەڕێینەوە بۆ ڤییەن و دەسپێکردنەوەی وتووێژەکان، بەڵام تائێستا هیچ ڕێکەوتنێکمان لەگەڵ ئێران بۆ گەڕانەوەی ئەو وڵاتە بۆ سەر مێزی وتووێژەکان نەکردووە.