یەکێک لە دامەزرێنەرانی گرووپی تاڵیبان و توندئاژۆترین کەسی ئەو گرووپە ڕایگەیاند کە تاڵیبان سزای ئێعدام و بڕینەوەی دەست جێبەجێ دەکاتەوە، بەڵام ئەو سزایانە لە شوێنە گشتییەکاندا نابێ.
مەلا نورئەدین تورابی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی گرووپی تاڵیبان، ڕۆژی هەینی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی “ئاسۆشیتێدپرێس” کاردانەوە جیهانییەکانی لەهەمبەر جێبەجێکردنی ئەو سزایانە کە لە دەوری یەکەمی دەسەڵاتداریی تاڵیباندا لە پێش چاوی خەڵکەوە و لە شوێنە گشتییەکان بەڕێوەدەچوو، ڕەتکردەوە وهەروەها هۆشداری بە وڵاتانی جیهاندا کە ڕووبەڕووی ڕێبەران و حکوومەتی نوێی ئەفغانستان نەبنەوە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: هیچ کەس و وڵاتێک مافی ئەوەی نییە لە یاساکان و شێوازی جێبەجێکردنی سزاکان لە ئێمە ڕەخنە بگرێ، ئێمە شوێنکەوتووانی ئایینی ئیسلامین و یاساکانی قورئان جێبەجێ دەکەین.
جێگای ئاماژەیە کە تورابی لە دەورەی یەکەمی دسەڵاتداریی و حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان وەزیری داد بووە و لەو دەورەیەدا کۆمەڵگەی جیهانیی زۆر بەتوندی جێبەجێکردنی سزای ئێعدام و بڕینەوە دەستی لە پێش چاوی خەڵکەوە و لەشوێنە گشتییەکانی مەحکووم کردبوو.
تورابی لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە لەم دەورەی دسەڵاتداریی تاڵیباندا ئێزن بە ژنانی دادوەر دەدرێ کە کاری دادوەریی بکەن و تەنیا بەپێی شەریعەتی ئیسلام و فەرموودەکانی قورئان دەبێ بڕیار بدەن و سزا دیاری بکەن.
هەر لەم پێوەندییەدا نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا بڕیارەکانی تاڵیبان لەهەمبەر دەسپێکردنەوەی سزای ئێعدام و بڕینەوەی ئەندامانی جەستە بەتوندی مەحکووم دەکا و هەروەها وتی: ئەم بڕیارە پێشێلکردنی ڕوونی مافی مرۆڤە.