ئەلڕاعی داوای جیاکردنەوەی دین لە دەسەڵات و کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانەکانی ڕێبەرە ئایینییەکان لە کاروباری قەزایی لوبنان دەکا.
بەشارە ئەلڕاعی، ڕێبەری مەسیحییە مارۆنییەکانی لوبنان، ڕۆژی هەینی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ میشێل عەون، سەرۆککۆماری لوبنان لە کۆشکی بێعبدا ڕایگەیاند کە هاتنی تانکرە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لەژێر چاوەدێری ئەرتەشی سووریە و حیزبوڵای لوبنان هەوڵێکی نایاساییە و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی لوبنانە و نابێ ئیزن بە حیزبوڵا بدرێ کە سەروەریی خاکی لوبنان پێشێل بکا.
ناوبراو لە درێژەدا لەسەر جیایی دین لە دەسەڵات وتی: جیاکردنەوەی هێزە دەوڵەتییەکان لە دین بەو مانایەیە کە ڕووحانییەکان لە کاروباری بەڕێوەبەریی وڵاتدا دەستێوەردان نەکەن و سیاسەتمەدارەکان دەبێ کاروباری نێوخۆیی ودەرەوەی وڵات بەڕێوە ببەن و نابێ پیاوانی ئایینی هیچ جۆرە دەستێوەردانێک لە کاروباری دادوەریی و قەزایی وڵاتدا بکەن.