عادڵ ئه‌لجوبه‌یر، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستان پێداگریی كرده‌وه كه به ڕای ئه‌و به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌ركۆماری سووریه، ده‌بێ له سه‌ره‌تای ڕه‌وتی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی سووریه وه‌لابنرێ نه له كۆتاییه‌كه‌یدا.
عادڵ ئه‌لجوبه‌یر كه سه‌ردانی فه‌رانسه کردوه، له بابه‌ت وه‌لانرانی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات پێی له‌سه‌ر ئه‌وه داگرت بۆ ئێمه ڕوون و ئاشكرایه كه پێویسته له سه‌ره‌تای ئه‌م ڕه‌وته‌وه پاشه‌كشه به ئه‌سه‌د بكرێ نه له كۆتاییه‌كه‌یدا و هیچ قه‌رار نییه ئه‌م كاره ماوه‌ی ١٨ مانگ كاتی بوێ.
قۆناغی گواستنه‌وه‌ی سیاسی له سووریه له ته‌وه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی وتووێژه نوێیه‌كانی سووریه له ژنێڤ ده‌بێ، لایه‌نگرانی به‌شار ئه‌سه‌د وه‌ك ئێران، پێداگری له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كه‌ن له حاڵێكدا كه وڵاتانێكی وه‌ك توركیه‌و عه‌ره‌بستانی سعوودی داوای وازهێنان یان وازپێهێنانی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌ن.
ئامریكا‌و باقی ده‌وڵه‌ته ڕۆژاواییهكان كه پێشتر پێداگرییان له سه‌ر وه‌لانانی به‌په‌له‌ی ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات ده‌كرد، لههو كاتی یارمه‌تیی ئاسمانیی ڕووسیه بۆ به‌شار ئه‌سه‌د بۆته هۆی سه‌قامگیرتر بوونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و له سووریه، له‌م داوایه‌ی خۆیان دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه.
پێشتریش له ڕێكه‌وتی ٢٥ی ڕێبه‌ندان عادڵ ئه‌لجوبه‌یر ڕایگه‌یاندبوو كه به بڕوای ئه‌و، ڕووسیه له هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ پشتیوانی كردن له ئه‌سه‌د سه‌ركه‌وتوو نابێ.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستان هه‌روه‌ها گوتبووی هه‌وڵه‌كانی ئێرانیش بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵاتی سووریه شكستی هێناوه.
عادڵ ئه‌لجوبه‌یر چه‌ندین جار پێداگری كردووه كه باوه‌ڕ به‌وه ناکا كه‌سێك که هۆی كوژرانی ٣٠٠هه‌زار مرۆڤی بێ تاوان بووبێ، هه‌ر وه‌ك پێشوو بتوانێ له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه.