ڕێکەوتی ١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢٣ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، کۆبوونەوەی ڕێکخستنەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەرێوەچوو.
ڕێکخستنەکانی حیزبەکانی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاری کۆبوونەوەیەکی تایبەتییان سەبارەت بە ئەرک و ڕێکخستن لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و هەروەها باشووری کوردستان بەرێوەبرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە لە پێوەندییەکانی سلێمانیەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە سەرپەرستی بەڕێز ” محەممەد نەزیف قادری” بەرپرسی هەیئەتی دەورەیی ناوەند پێکهاتبوو، چەند تەوەری گرینگی لەخۆگرتبوو.
پرسەکانی پێوەندیدار بە ئەرکەکانی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی وڵات ، باشووری کوردستان و نێوخۆی وڵات بە وردی تاوتوێ کران و ئۆرگانەکانی سەر بە ڕێکخستنەکان، لەهەمبەر پرسە هەنووکەیی و ستراتێژییەکانی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەڕەشە و مەترسییەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی سەرکوتی ئەو ریژیمەی ئەرکدار کرد و ڕێکاری بەرەنگاری و بەرپەرچدانەوەی دەستنیشان کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری بەردەوامی و پێوەندی ڕێکخستنەکان، پێداگری لەسەر کرا.
شایانی باسە کە کۆبوونەوەکە پاش ٣ کاتژمێر بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا.