هاوسەری شەهیدێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوی “ئامینە ئیسماعیلپوور”، خەڵکی گوندی “سوورەچۆم”ـی ناوچەی هۆملی سەردەشت بەهۆی نەخۆشییەوە دڵە پڕ لە هیواکەی لە لێدان کەوت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، دایە ئامینە ئیسماعیلپوور، هاوسەری شەهید “محەممەد خزرنیا” ناسراو بە “خاڵە محەممەد”، شەهیدی ڕێگەی ڕزگاری کورد و کوردستان، لە گوندی “سوورەچۆم”ـی ناوچەی هۆملی سەردەشت بەهۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان و ئامانجی پیرۆزی شەهیدان کرد.
شایانی باسە کە شەهید محەممەد لەساڵانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی، وەکوو تێکۆشەرێکی دڵسۆز هاوکار و پشتوپەنای کادرەکانی حیزب بوو و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای حیزب، پوور ئامینی هاوسەری وێڕای ناوبراو تێکەڵاوی ژیانی سەخت و پڕ مەترسیی پێشمەرگانە دەبێ و لە هێرش و پەلامار و تۆپبارانەکانی دوژمن بۆسەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات، دایە ئامین بە سەختی بریندار دەکرێ.
لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی دایە ئامینە و خەڵکی ناوچەی هۆملی سەردەشت دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.