ژمارەیەک لە قوتابخانەکانی شاری مەریوان ڕایانگەیاندووە کە، کتێب و پێداویستی خوێندن بە قوتابییان نادەن تا پارەی ساڵانە و پارەی کتێب نەدەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بەشێک لە قوتابخانەکانی شاری مەریوان بەپێی بڕارێکی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەو شارە، ڕایانگەیاندووە کە، کتێب بە هیچ قوتابییەک نادەن، تاکوو پارەی ساڵانە و و پارەی کتێبەکان نەدەن؛ ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێراندا ئاماژە بەوە کراوە کە خوێندن و ئیمکاناتی خوێندن، دەبێ بە خۆڕایی بێ.
ئیدارەی پەروەردەی ڕێژیم لە شاری مەریوان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئابووری هاووڵاتییانی ئەو شارە، بڕیارێکی وای دەرکردووە و خەڵکیش بەو هۆیەوە ناڕازین و دەڵێن ناتوانین پارەی کتێب دابین بکەین؛ هەروەها بەشێک لە هاووڵاتییان دەڵێن بەزۆری دەتوانین بژێوی ژیانی خۆمان دابین بکەین، ئەگەر وابێ منداڵەکانمان ناتوانن لە خوێندن بەردەوام بن.