بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبیی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی بەندکراوانی نەخۆش، مانیان لە خواردن گرتووە.
بە گوێرەی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی نێوخۆی ئێران، ٤٣ کەس لە بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی کە لە بەندی ١٠ی بەندیخانەی ورمێ ڕاگیراون، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕێگری لە گواستنەوەی بەندکراوە نەخۆشەکان بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، مانیان لە خواردن گرتووە و بە نووسینی نامەیەک بۆ بەرپرسی بەندیخانە، ڕایانگەیاندووە تا کاتێک داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، لە مانگرتن بەردەوام دەبن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئێستا ١٢ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە بەندی ١٠ی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ (بەندی سیاسی) ڕاگیراون کە سەرەڕای ئەوەیکە پزیشک و بێهداری بەندیخانە ڕایانگەیاندووە، بۆ درێژەی دەرمان دەبێ بچنە دەرەوەی بەندیخانە، تا ئێستا بەرپرسانی بەندیخانە ئیزنیان بە گواستنەوەی ئەو بەندکراوانە بۆ دەرەوە و درێژەدان بە دەرمانیان نەداوە.
ناسنامەی ئەم ١٢ بەندکراوە بریتییە لە: دارا ڕەشیدی، ئەنوەر چالشی، کامیل سەیدانی مەسکەن، نایب عەسکەری، نایب حاجیزادە، ئەحمەد تەموویی، سیروان ئەمینی، موختار ئیبراهیمی، محەممەد هوشەنگی، حاتەم ئەزدمیر، شاکر بێهروزی و تاهیر حوسێنزاده.