لە کاتێکدا کە تا ئێستا تیمی وتووێژی ناوکیی دەوڵەتی ڕەئیسی بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان و بووژانەوەی رێککەوتنی ناوکیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی زلهیزی جیهان تا ئێستاش نادیارە، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا ڕایگەیاند کە تاران بۆ دەستپیکردنەوەی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە.
جوزێڤ بورێڵ، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ حوسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئێران دەیهەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەڕیتەوە بۆسەر مێزی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن و وتووێژەکان لەهەمبەر ڕێککەوتنی ناوکیی دەسپێبکاتەوە.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئێمە لە چاوپێکەوتنەکەماندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران جەختمان لەسەر بەردەوامی و دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ رێکخراوی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی کردۆتەوە و پێمان ڕاگەیاندوون کە سەرەکییترین خاڵی دەسپێکی وتووێژەکان، هاوکارییەکانی ئێرانە لەگەڵ لێکۆڵەرانی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی.
هەر لەم پێوەندییەدا، شەوی چوارشەممە ئەحمەد ئەبووغەیس، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی وڵاتانی عەرەب، لە وتووێژێکی ئانلایندا لەگەڵ ئەندامانی شۆرای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: پێویستە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نێگەرانییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەهەمبەر بەرنامەی ناوکیی ئێران و مەترسییەکانی بۆسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست لەبەرچاو بگرن وئیزن نەدەن کە ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی.