پاشای عەرەبستان وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە نابێ رێژیمی ئێران دەستی بەچەکی ناوکیی ڕابگا، وتی: هیوادارین بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیر بێ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بێ لە چەکی کۆمەڵکوژ.
مەلیک سەلمان بێن عەبدولعەزیز، پاشای وڵاتی عەرەبستان، ڕۆژی چوارشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، کە بە شێوەی ئانلاین لە حەفتاوشەشەمین دانیشتنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدار بوو، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە نابێ ئیزن بە ئێران بدرێ کە ببێتە خاوەن چەکی ناوکیی، وتی: ئێران ولاتێکی دراوسێ ئێمەیە و هیوادارین وتووێژەکان ببێتە دەرفەتێک بۆ کرانەوەی دەرگای پێوەندییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە.
مەلیک سەلمان لە درێژەی قسەکانیدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەیکە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتی عەرەبستان پشتیوانی لە وتووێژە ناوچەیی و جیهانییەکانە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتی، وتی: هیوادارین دەسپێکی وتووێژەکانمان لەگەڵ ئێران ببێتە هەوێنی ئاشتی و سەقامگیریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و داوا لە ئێران دەکەین کە کۆتایی بە دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێ.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: عەرەبستان باوەڕی تەواوی بە پاراستنی سەروەری خاکی هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە و هیچکات دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دەوروبەر ناکا.