دوو هاووڵاتیی بەلووچ کە یەکێکیان بەندکراوی سیاسیی هەڵاتوو بوو، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سپا لە زاهیدان کوژران.
بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، دوو هاووڵاتیی بەلووچ بە ناوەکانی” خالید شەبەخش و دادشا شەبەخش” بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سپای ڕێژیمی ئێران لە شاری زاهیدان کوژران.
چالاکانی بەلووچ ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی سپای پاسداران بە دانانەوەی کەمین بۆ ئەو دوو کەسە ڕاستەوخۆ تەقەیان لێدەکەن و دەستبەجێ دادشا گیانی لەدەستدەدا و خالیدیش سەرەڕای ئەویکە بە توندی بریندار دەبێ، هەڵدێ و پاش سێ ڕۆژ، بەهۆی قورسی برینەکانییەوە، ڕۆژی چوارشەممە گیانی لەدەستدەدا.
هەروەها کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە خالید شەبەخش ساڵی ٨٧ی هەتاوی بە تۆمەتی دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەسبەسەر و ماوەی ٧ ساڵ لە بەندیخانەدا بووە و پاشان بە بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد دەکرێ و ناگەڕێتەوە بۆ بەندیخانە و ڕۆژی یەکشەممە، هاوڕێ لەگەڵ دادشا شەبەخش بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران بریندار دەبێ و پاش سێ ڕۆژ گیانی لەدەستدەدا.