میشێل باشێلە، سەرەڕای دەبڕینی نیگەرانییەکانی لەهەمبەر بەربەستدانان لەسەر ڕێگەی ژنانی ئەفغان وتی: ئەگەری گەڕانەوە بۆ دەیەی ٩٠ی زایینی کە ژنان بە شێوازێکی دڕەندانە لەلایەن تاڵیبانەوە سەرکوت دەکران، زۆرە.
میشێل باشێلە، کۆمیسێری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە حەفتاوشەشەمین دانیشتنی گشتیی ڕێکخرای نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای ئاماژە بە گوشارەکانی تاڵیبان بۆ سەر ژنان و بەرتەسککردنەوەی چالاکییەکانی ژنان وهەروەها بەربەستدانان لەسەر ڕێگەی ژیانی کۆمەڵایەتیی ژنانی ئەفغانی وتی: تاڵیبان بەڵێنەکانی لەهەمبەر پاراستنی مافی مرۆڤ لە ئەفغانستان بەتایبەتی مافی ژنان جێبەجێ نەکردووە و ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لەو وڵاتە مافی ژنان پێشێل دەکرێ.
باشێلە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: تاڵیبان دەستی بە سڕینەوە و لەناوبردنی ئیدارەکانی پێوەندیدار بە ژنانەوە کردووە و تەنانەت ئەگەر ژنێک بە تەنیا لە ئەفغانستاندا بگەڕێ و مێرد یان برای لەگەڵ نەبێ، لەلایەن گرووپی تاڵیبانەوە سزا دەدرێ و بەربەستگەلێکی زۆری لەسەر ڕێگەی ژنانی خاوەنکار سازکردووە، بە جۆرێک کە ئیزن بە ژنان نادا بچنەوە شوێنی کارەکانیان.
ناوبراو لە درێژەدا داوای مافی یەکسانی بۆ ژنان و پیاوانی لە ئەفغانستان کردووە و دەڵێ: دەبێ ژنانی ئەفغانیش وەکوو پیاون مافی کۆمەڵایەتییان پارێزراو بێ.
باشێلە لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە کۆمەڵگەی جیهانیی بە تایبەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە بۆ پشتیوانی لە مافی ژنان و کچانی ئەفغانی ڕێگەی سەرکوت و سڕینەوەی ژنان بە تاڵیبان نەدەن.