چالاکێکی مەدەنی و ژینگەپارێزی ناسراوی خەڵکی سەوڵاوا لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم چوارجار لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا، ڕەشاد حوسێنی، چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی خەڵکی گوندی دێوەزناو سەر بە شاری سەوڵاوا سێجار بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە و جارێکیش بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئیتلاعاتییەکان هەر جار زیاتر لە ٣ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لە ڕەشاد حوسێنی کردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە کە ئەگەر جارێکی دیکە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی چیای شاهۆ بدات، ئەوا بە تۆمەتی هاوکاریکردنی حیزبە کوردستانییەکان دەسبەسەر دەکرێ.
جێگای ئاماژەیە کە ڕەشاد حوسێنی ١٣ ساڵ پێشیش بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری رێژیمی ئێران، دەسبەسەر و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.