کەریم کەریمی، ناسراو بە مەلا کەریم، یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگی ناسراوی شاری بانە بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە بە ناوی کەریم کەریمی تەمەن ٤٩ ساڵ لە کاتی کارکردن لە گوندی سیۆچ بەهۆی ڕووداوی کارەوە گیانی لەدەستدا.
کەریم کەریمی یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگی و ناسراوی بانە بووە و لە کاتی کۆکردنەوەی گوێز بەهۆی بەربوونەوە لەسەر دار گیانی لەدەستداوە.
کەریم کەریمی ناسراو بە مەلا کەریم ئەندامی ئەنجومەنی فێرکاری زمانی کوردی “هاژه”ی بانە و هەروەها ئەندامی دامەزرێنەری کتێبخانەی گوندی سیۆچ بووە.
ناوبراو چالاکی مەدەنی لە بواری ژینگەپارێزی، کۆمەڵایەتی و هەروەها چالاکی بواری مافەکانی ژنان بووە و باوەڕی قووڵی بە ئازادیی ژنان لە کۆمەڵگەدا هەبووە و لەنێو خەڵکی ناوچەی بانەدا بە مرۆڤێکی ڕووناکبیر، چالاکێکی ئەدەبی و ژینگەیی و کوردپەروەر ناسراوە.